وه‌ک
ئاشکرایه خۆرهه‌ڵاتی کوردستان، ئه‌و
به‌شه‌یه که خاکه‌که‌ی خراوه‌ته سه‌ر
وڵاتی ئێران، به پێی ئه‌و گه‌ڕان و
سه‌ردانانه‌م و بینینی که‌سانی جیاواز و
شاره‌زا به‌تایبه‌تی له بواری ئاوازچڕین
و مۆسیقاژه‌ندندا ڕاستی زۆرم بۆ ئاشکرا
بوو.
له چاوپێکه‌وتنێکمدا له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ (ناسری ڕه‌زازی)، له شه‌وی 6-11- 2004 له هه‌وارگه‌که‌ی خۆی له هاوینه‌هه‌واری دوکان، که به هاوه‌ڵی هاوکارو قوتابی و هاوڕێی خۆشه‌ویستم کاک (زانا مه‌حمود هه‌ژار) چووبوومه لای و له‌م بابه‌ته به‌م جۆره دوایین: گه‌ر جوگرافیای زمانی کوردی باس بکه‌ین ئه‌بێ به‌م جۆره باسی بکه‌ین، هه‌ورامی، که‌ڵهوڕی، کرمانجی و موکری (سۆرانی). ناوچه‌کانی خۆرهه‌ڵاتی کوردستان که به‌شی سه‌ره‌وه‌ی هاوسنووری باكووری کوردستانه، که‌زۆرینه‌ی خاکه‌که‌ی ئه‌که‌وێته ناو وڵاتی تورکیاوه به ناوچه‌ی قتورماکۆ و بازرگان ده‌ست پێ ئه‌کات. دوای ئه‌وه سه‌ڵماس که پێی ده‌ڵێن شاپور، دوای ئه‌وه خۆی و ورمێ دێت و پاشان تا ده‌شته‌بێڵ دانێشتوی ئه‌م ناوچانه به کرمانجی گفتوگۆ ئه‌که‌ن، بریتین له خێڵه‌کانی عه‌بدۆیی و شوکاک و جه‌لال و بڵباسن له ده‌شته‌بێڵ به‌ره‌وخوار تا ئه‌گاته ته‌رگه‌وه‌ڕ و مه‌رگه‌وه‌ڕ به شێوه‌ی سۆرمانجی گفتوگۆ ئه‌که‌ن. واتای وشه‌ی سورمانجی ئه‌وه ئه‌گه‌یه‌نێ که له‌هجه‌که‌یان نه کرمانجییه و نه سۆرانی و تێکه‌ڵاوی هه‌ردووکیانه. له‌وێ به‌ره‌وخوار ئه‌بێ به موکری، که پێک دێت له شاره‌کانی نه‌غه‌ده و پیرانشه‌هر (خانێ)، شنۆ، سه‌رده‌شت، مهاباد، بۆکان، بانه و سه‌قز. ئه‌مانه به شێوه‌ی موکریانی (سۆرانی) گفتوگۆ ئه‌که‌ن، له ناو ئه‌مانه‌دا خێله‌کانی دێبوکری و سوێسنایه‌تی و وه‌کوو ناوچه‌ش گه‌وڕکایه‌ت و مه‌نگوڕان که هه‌موویان به هه‌مان دیالکتیک گفتوگۆ ئه‌که‌ن. به‌ڵام بنه‌ی ئه‌م دیالێكته چوار دێیه، که بریتین له دێهاته‌کانی قه‌مته‌ره و کو‌لیجه و ده‌رمان و بورهان به‌و زمانه ئه‌دوێن که شاعیرانی وه‌ک هێمن و هه‌ژار پێی ئه‌نووسن. له خوار سه‌قزه‌وه تا ئه‌گاته ئیلام ڕه‌گه‌ی که‌ڵهوڕه که له خوار بانه‌وه به ناوچه‌ی ئه‌رده‌ڵان که مه‌رکه‌زه‌که‌ی شاری سنه‌یه ده‌ست پێ ئه‌کات. به‌ڵام گه‌ر به‌ره‌و ڕۆژئاوا بڕۆیین ئه‌بێ به شاری مه‌ریوان و دیوانده‌ره و کامیاران و قوروه و بیجاڕ و به‌شێکی که‌م له هه‌ورامان که له‌مه تێپه‌ربووین ئه‌بێ به هه‌ورامان، به واتای هه‌ورامانی ته‌خت و هه‌ورامانی لهۆن. هه‌ورامانی ته‌خت ئه‌بێ به دزڵی و ده‌ره‌کێ و ده‌مه‌یۆ و ژاڵانی و ته‌ته و هه‌راره. هه‌ورامانی لهۆن پێک دێت له پاوه و نه‌وسوود و شۆشمێ و دشه، له‌وێ تێپه‌ڕ ئه‌بیت و ئه‌بێت به ناوچه‌ی جاف و گۆران که به‌شێکی پان و به‌رینه تا ئه‌گاته شاری کرماشان، که به دیالێكتی که‌لهوڕی یان کرماشانی ئه‌دوێن، تا ئه‌گاته ئیلام که هاوبه‌شی هه‌ردوو خێڵی له‌ک و که‌ڵهوڕن. له‌وه به دواوه ناوچه‌ی لوڕستان ده‌ست پێ ئه‌کات، خێله‌کانی به‌ختیاری و که‌هکیلێیه تا ئه‌گاته سه‌ر که‌نداوی فارسی هه‌موویان لوڕن. گه‌ر به پێی ئه‌و جوگرافیایه‌ی باسمان کرد له‌سه‌ره‌وه پیا بێین وامان بۆ ده‌رئه‌که‌وێت، که ئه‌و ناوچانه‌ی یه‌که‌م که سنووره‌که‌یان به وڵاتی ئازه‌ربایجان و ده‌وروپشته‌که‌یانن و دانیشتوانه‌که‌ی هه‌رده‌م سه‌رقاڵی کاری تر بوون و، دره‌نگتر نیشته‌جێییان به خۆیانه‌وه بینیوه، بۆیه به ته‌واوی ناتوانڕێت ده‌ستنیشانی که‌سانی ناوداریان بکڕێت. هه‌رچه‌نده خاوه‌نی فۆلکلۆری خۆیانن که نزیکه له سۆز و هه‌وای مۆرکی ئازه‌رییه‌وه و هه‌ندێ له‌و گۆرانییه فۆلکلۆریانه‌ش هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژی گه‌وره‌ی کورد (حه‌سه‌ن زیره‌ک) وتوونیه‌ته‌وه. ئێمه‌ش هه‌ر له باسی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌دا ئه‌و ئاواز و مۆسیقایانه ئه‌خه‌ینه پێش چاو. به‌ڵام گه‌ر به ڕاستی باسی فۆلکلۆری خۆرهه‌ڵاتی کوردستان بکه‌ین، ئه‌بێ له پێشی پێشه‌وه باسی ناوچه‌ی موکریان بکه‌ین، که هێلانه‌ی فۆلکلۆری کوردییه و له پێش هه‌مووشیاندا له شاره‌کانی بۆکان و مه‌هاباد ده‌ست پێ بکه‌ین. باشترین گۆرانیبێژ و باشترین شایه‌ر (گۆرانیبێژی میللی) وه‌ک عه‌لی خه‌ندان و عه‌به ده‌ڕژێ و مه‌لا حسه‌ینی عه‌بدوڵا زاده و ئیبراهیمی قادری و گۆرانیبێژی گه‌وره‌ی وه‌ک محه‌مه‌دی ماملێ و حه‌سه‌ن زیره‌ک و حسێن قاقی و حسێنی ماملێ و وه‌فایی شاعیر (گوایا ده‌ڵێن ده‌نگخۆش و ئاوازدانه‌ڕێکی باش بووه) و خه‌لیلی سدیقی و عه‌بدوڵای سنجانی سه‌ید عه‌لی سه‌رده‌شتی. ئه‌مانه هه‌موویان کۆرپه‌ی ئه‌م خاک و ناوچه‌یه بوون و ئه‌م ناوچه‌یه به‌وانه‌وه به‌ناوبانگه. له خواره‌وه له ناوچه‌ی ئه‌رده‌ڵان گورانیبێژ هه‌ن که ته‌نها به موڵکی ئه‌و ناوچه‌یه ناسراون. هه‌موو گۆرانیبێژه دیاره‌کانی ناوچه‌ی هه‌ورامانیش هه‌ر خه‌ڵکی خۆرهه‌ڵاتی کوردستانن، له‌وانه عوسمان کێمنه‌یی و شه‌فیع کێمنه‌یی و حه‌مه حسێن کێمنه‌یی که ئه‌مانه سێ ئه‌ستێره‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌ن. ناوچه‌ی کرماشانیش باشترین گۆرانیبێژی کوردی تیا هه‌ڵکه‌وتووه له‌وانه عه‌لی و حسه‌ینی ئه‌لبورزی و شه‌هاب جه‌زائیری و لوڕنه‌ژاد و مه‌سقه‌تی، که به زاراوه‌ی که‌ڵوڕی گۆرانی‌یان وتووه. به‌ڵام له لوڕستان دوو گۆرانیبێژی ده‌گمه‌نیان تیا هه‌ڵکه‌وتووه، که ڕه‌زای سه‌قایی و فه‌ره‌ج عه‌لی پور بوون. جا بۆیه گه‌ر ته‌ماشا بکه‌ین ئه‌بینین هه‌ر له خۆرهه‌ڵاتی کوردستاندا هه‌ر چوار دیالێكته‌كه (هه‌ورامی، که‌ڵهوڕی، کرمانجی و موکری- سۆرانی)یه.
هه‌ریه‌که له‌و ناوچانه‌ش تایبه‌تمه‌ندییه‌کی تایبه‌تی هه‌یه، له‌وانه گۆرانی لای موکرییه‌کان نه‌فه‌س دڕێژ و هه‌لقوڵاوی سینه‌ن، به واتای گۆرانیبێژ زیاتر سنگی به‌کار ئه‌هێنێت له چڕینی گۆرانیدا پاشان گه‌رووی. ئه‌مه به پێچه‌وانه‌ی دیالێكتی هه‌ورامییه‌وه‌یه، که گۆرانیبێژانیان زیاتر گه‌روویان به‌کار ئه‌هێنن. بۆیه ئاوازه‌کانیان کورت و خاوه‌ن له‌رینه‌وه‌یه‌کی زیاترن له‌و ناوچانه‌ی تر.
کاک ناسری ڕه‌زازی وتی:
کتێبێک له ئێران به ناوی (خۆنیاگه‌ری ده‌ر ئیران بزورگ) ده‌رچووه، که خانمی ماری بۆیسی هیندی نه‌ژاد و په‌روه‌رده‌ی ئینگلستان نووسیویه‌تی. مانای وشه‌ی هۆنیاواچی تیایه که وشه‌یه‌کی ئاڤێستاییه و له واژه‌ی هۆنیاگه‌رییه‌وه هاتووه. وشه‌ی هۆن واتاکه‌ی خۆن یان خۆش ئه‌گه‌یه‌نێت وه وشه‌ی ڤاچیش مانای بێژه‌ر یان خوێنه‌ر ئه‌گه‌یه‌نێت. که له‌سه‌ره‌تادا وشه‌ی هۆنیاواز یان هۆنیاڤاج بووه، له‌م کتێبه‌دا خاتوو ماری بۆیس به دوای وشه‌ی به‌یتدا ئه‌گه‌ڕێت و ده‌ڵێت: من زۆر ئه‌ملاولام کرد تا بگه‌مه ئه‌و ڕاستییه‌ی، که به‌یت کێ خاوه‌نی سه‌ره‌کییه‌تی؟ بۆیه ده‌ڵێت: بۆم ده‌رکه‌وت که به‌یت ته‌نها لای کورده‌کان هه‌یه و لای به‌شێکی دانیشتووی وڵاتی ئه‌فغانستانیش بیستوومه ته‌نانه‌ت به‌یتی وه‌یس و ڕامین هه‌ر به‌یتێکی کوردییه و به زمانی په‌هله‌وی نووسراوه.
هێمن موکریانی شاعیری ناسراوی کورد له توحفه‌ی موزه‌فه‌ریه‌ی ئۆسکارماندا ده‌ڵێت:
وه‌بیرم دێ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی که منداڵێکی سه‌ر به کۆچکه و دیوه‌خاننشین بووم و هێشتا شوێنه‌واری شه‌ڕ و گرانی و هه‌ژاری و نه‌داری له وڵاته‌که‌ماندا هه‌ر مابوو، له ناوچه‌ی موکریان هه‌ر ئاغایه‌ك، دانگه‌مڵکێک، کۆنه دیوه‌خانێک، قوله بارگینێک، که‌چه زینێک، پیره تاژێیکی هه‌بایه خۆشخوانێکی ڕاده‌گرت، که شه‌وانه له دیوه‌خان به‌یت و باوی بۆ بڵێت، له وه‌ختی نووستندا حیکایه‌تی بۆ بکات، له شاییدا داوه‌ت و ڕه‌شبه‌ڵه‌کی بۆ بگێڕێت، له سه‌نگه‌ردا تانوتی لێ بدات، له ڕاودا له‌سه‌ر ته‌ماڵ پایزه و ئازیزه‌ی بۆ بڵێت، فران باوێته دوژمنی و به‌ندان به دۆستی هه‌ڵ بڵێت و ته‌نانه‌ت له پاش مردنی شینی بۆ بگێڕێت، تا ئاغا ده‌ستڕۆیوتر تا دێ ئاوه‌دان تر و گه‌وره‌تر، تا دیوه‌خان به بێنه بێنه‌تر، تا ئه‌سپ ڕه‌سه‌ن تر، تا زین و لغاو ڕه‌خت و، ڕێشمه په‌رداختر، تا تاژی چێتر و ده‌مگه‌رمتر، خۆشخوانیش وه‌ستاتر و شاره‌زاتر و تێر و پڕتر و کۆک و پۆشته تر ده‌بوو. دیاره خۆشخوان وه‌ک هونه‌رمه‌ندێک چاوی لێ نه‌ده‌کرا و ڕێزی لێ نه‌ده‌گیرا، به‌ڵام له کوێخا و گزیر و سه‌رکار و پاکار و بابنۆکه‌ر و غوڵام و چاپه‌ز و به‌رده‌ست ماقوڵتر بوو. هه‌قی بوو له دیوه‌خان له‌سه‌ر چۆک دابنیشێ و خه‌نجه‌ری بچه‌قێنێ و ئانیشکی وێبدا و جا گوتن بڵێ. خۆشخوان له حوزووری ئاغادا نانی ده‌خوارد و ده‌گه‌ڵ مام میرزا له‌سه‌ر یه‌ک سینی داده‌نیشت و به‌رماوه‌خۆر نه‌بوو. چونکه خۆشخوانان زۆربه‌یان دڵته‌ڕ و قسه‌خۆش و دڵپاک بوون. خه‌ڵکی خۆشیان ده‌ویستن و له دێ ته‌نها هه‌ر ناحه‌زێکیان هه‌بوو، ئه‌ویش مه‌لای دێ بوو که‌م وا بوو دانوویان پێکه‌وه بکوڵێ، بۆیه پێیان ده‌وتن چاوه‌ش و به چاوی سووک سه‌یریان ئه‌کردن. تا مه‌لا له دیوه‌خان بوایه، ده‌بوایه خۆشخوان قوڕوقه‌پ دانێشێ و نوتقێ نه‌کا. دیاره مه‌لای وه‌ک خانی و حاجی قادرمان هه‌یه که نرخی سامانی نه‌ته‌وایه‌تییان زانیوه، به‌ڵام مه‌خابن گه‌ر مه‌لایه‌کانی دیکه‌ش وکی ئه‌وان وابوونایه و نرخی هونه‌ریان زانیبا و له باتی سوڵتان جومجمه و ئیسماعیل نامه هه‌ر یه‌کی به یتێک، لاوکێک، حه‌یرانێک، گه‌لۆیه‌کیان نووسیبایه ئێستا کار له جێگه‌یه‌کی تر بوو. سامانی نه‌ته‌وایه‌تیمان ده‌گه‌یشته پله‌یه‌کی تر و فه‌رهه‌نگێکی ده‌وڵه‌مه‌ندتر و گه‌وره‌ترمان پێکه‌وه ده‌نا.
له شاره‌کانیش شه‌وانه خه‌ڵک له قاوه‌خانه کۆده‌بوونه‌وه و تا شه‌و دره‌نگ ده‌بوو، به‌یتبێژ و حیکایه‌تخوان ده‌یخافڵاندن، قاوه‌چی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی به‌کڕێ ده‌گرت بۆ ئه‌وه‌ی قاوه‌خانه‌که‌ی ڕمێن په‌یدا بکا.
شایه‌ری گه‌ڕۆکیش هه‌بوون، که به‌هار و هاوین و به‌شێکی پایز خه‌ریکی کاروکاسبی و جوت و گا بوون، که شه‌و دڕێژ ده‌بوو و کاری مه‌زرایه که‌م ده‌بوو، وێ ده‌که‌وتن و به ماڵه ئاغایاندا ده‌گه‌ڕان و له هه‌ر ماڵێک چه‌ند ڕۆژێک ده‌مانه‌وه و، کۆڕی به‌زمیان ده‌ڕازانده‌وه و شاباش و خه‌ڵاتی باشیان ده‌سه‌ند. باشترین شایه‌ر ئه‌وانه بوون ته‌نانه‌ت سنووریشیان ده‌په‌ڕاند و گه‌رمێن و کوێستانیان ده‌کرد. کاک ناسری ڕه‌زازی وتی: ئه‌من بۆ خۆم چه‌ند که‌س له‌و مامۆستا گه‌ورانه‌م دیبوون و هونه‌ر و نواندنی وانمان وه‌بیر دێت، ئه‌وه‌ی بیانناسم و گوێم له ده‌نگیان بووبێت و به هونه‌رمه‌ندم زانیبن ئه‌وانه بوون، مه‌جیده گڕوێ، ده‌روێش سه‌رڕاو، حاجیله‌ی ئینده‌رقاشی، سه‌ید عه‌وڵای سه‌ید مینه‌یی، عه‌زیزه خڕه، حه‌مه‌دی ئاغایی، وسێن که‌نیله، هه‌باسه خڕه، شه‌ریفی مام سه‌عیدی و وسێن زارخوار.
سه‌ره‌ژنی واش هه‌بوون که له وه‌ختی ئاسایی‌دا به‌یت و حه‌یرانیان بۆ مه‌جلیسی ژنان ده‌گوت و له شینگایان به ئاهه‌نگی زۆر پڕ سۆز به مردوویان هه‌ڵده‌گوت، قه‌تم ده‌نگی خۆش و ئاهه‌نگی پڕ سۆز و جۆشی (فاته‌ڕه‌شی لاچینی و ژنی ئاغای له بیر ناچێته‌وه). زۆر منداڵ بووم کچێک له دێیه‌که‌ی ئێمه جوانه‌مه‌رگ ببوو، ئه‌و فاته ڕه‌شه به ده‌نگێکی زوڵال و ئاسمانیی پێی هه‌ڵ ده‌گوت. ئێستاش ئه‌و به‌نده‌م هه‌ر له گوێدا ئه‌زرنگێته‌وه که ده‌یگوت
هــه‌ی مه‌که، ڕۆڵه مه‌که، بـابـان وێرانم مه‌کــــــــــــــــــه
ی به تاڵانی ده‌چـۆوه مـه‌ڕه بـه‌رانه بـه‌خته‌یه شه‌که
ئه‌منی مل به کوێن به تاڵانم ده‌چۆوه، گه‌ردنــــــی زه‌رد و
به‌ژنی باریک و ڕووی به‌خاڵ و دوو چاوی ده‌به‌ڵه‌کــــــــه
ئاشکرایه که: ره‌زازی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خاوه‌ن ئه‌زمونێکی گه‌وره‌ی زانستی ده‌رباره‌ی مێژوو و جوگرافیای ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه، گه‌نجینه‌یه‌کی گه‌وره‌ی ئاواز‌و گۆرانی کوردیشه،ئه‌رشێفێکی گه‌وره‌ی ئه‌و به‌رێزه به‌هۆێ هاوه‌ڵێکی خۆی له شاری سنه که بریتی بوون له چه‌ند سی دی یه‌ک که پتر له بڕی 500 گۆرانی فۆلکلۆری کوردی ڕه‌سه‌نی له خۆ گرتوه، پاش نوسینه‌وه‌ی نۆته‌ی پتر له 50 گۆرانی فۆلکلۆری کوردی ڕه‌سه‌ن، نۆته‌ی یه‌کێ له‌و ئاوازه فۆلکلۆریانه ده‌که‌مه دیاری، به هیوای که‌ڵک لێ‌وه‌رگرتن.
گۆرانی جار جاره :
نموونه‌ی تێکسته‌که‌ی :
هه‌رچه‌ند ئه‌که‌م خه‌یاڵه ئه‌ودڵه په‌سته‌م ناســره‌وێ
گڕوی گرتووه وه‌ک منداڵه هه‌ر ده‌ڵی یـــــارم ده‌وێ
شه‌وێ تاڕۆژێ لێی ده‌ن له‌هه‌رکوێ بێ ده‌یـــــــه‌وێ
جار جاره دیده‌م زارا به‌م ئێواره شه‌ده‌ی لاره‌گوڕه‌ی ،، لێ گرتووم زارا
ده‌ڵێ له‌گه‌ڵت نایه‌م بۆم نه‌کڕیت گوڵ وگـــــــــواره
نۆته‌که‌ی :
سکێڵه‌که‌ی:
پله‌ده‌نگییه‌کانی بریتیه له (می فای سروشتی، سۆڵ#، لا، سی، دۆی سروشتی، به‌جوانکاریش پله‌ده‌نگی رێی به‌رئه‌که‌وێ)، به‌پێی چێژی ئاوازه‌که ئه‌م په‌یژه‌یه له‌سه‌رپله‌ده‌نگی پێنجه‌می په‌یژه‌ی یه‌که‌می گه‌وره( لا ماجۆرهارمۆنی ) که په‌یژه‌ی می حیجاز نه‌هاوه‌ند ی پێئه‌ڵێن .
نموونه‌ی سکێڵه‌که‌ی :

